سایکۆلۆژیای گریان
شاعیری گه‌وره‌ی کورد مامۆستا (هێمن) ده‌فه‌رموێ:
(ئه‌وه‌نده دڵ پڕم پێم خۆشه بگریم
که‌فرمێسک و هه‌ناسه‌ش مه‌رهه‌مێکه)
به‌ڕاستی ئه‌م شاعیره مه‌زنه جوانی پێکاوه، وه‌ک ده‌روونناسێک شرۆڤه‌ی ئه‌و باره هه‌ڵچوونییه‌ی کردووه که‌مرۆڤ تیایدا نائارام و خه‌مناک ده‌بێت یان له‌ته‌نگژه‌یه‌کی ده‌روونیدا ده‌بێت، له‌و ساتانه‌دا مرۆڤ هاوسه‌نگی ده‌روونی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات و به‌ده‌ست قورساییه‌کی سه‌ربار به‌سه‌ر ده‌روون و مێشکییه‌وه، جه‌نجاڵ و گیرۆده ده‌بێت. بۆیه بۆ گێڕانه‌وه‌ی هێوری و ئارامی و حه‌وانه‌وه بۆ ده‌روون و مێشکی پێویستی به‌گرتنه‌به‌ری چه‌ند میکانیزمێک هه‌یه که‌گریان یه‌کێکیانه.
له‌ئه‌ده‌بی کوردی‌دا، زۆرێک له‌شاعیران ئاماژه‌یان به‌فرمێسک و گریان داوه له‌کاتی وێناکردنی ئه‌و ساتانه‌ی لێوانلێون له‌حوزن و ماته‌م و فیراق.
وه‌ک زانراوه ڕه‌گه‌زی مێینه زیاتر په‌نا ده‌به‌ن بۆ گریان له‌چاو نێرینه‌دا. له‌که‌لتوری ئێمه‌دا نه‌گریان بۆ پیاو خاڵێکی به‌هێزه، ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه، ئه‌گه‌ر پیاوێک بگری ناووناتۆره‌ی لێده‌نێن یان به‌بێ هێز لێیده‌ڕوانرێت، ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه‌کی تره.
کێ له‌ئێمه‌ی مرۆڤ نه‌گریاوه؟ نه‌ک هه‌ر له‌منداڵیدا، به‌ڵکو له‌قۆناغه‌کانی دواتری ته‌مه‌نیشماندا، جاری واهه‌یه بینینی دیمه‌نێکی خه‌مناک به‌س بووه بۆ ڕشتنی فرمێسکه‌کانمان، که‌سانی هه‌ست ناسک و به‌سۆز زیاتر په‌نا ده‌به‌ن بۆ گریان، ئه‌وانه‌ی که‌هه‌ر ناگرین له‌ناو کۆمه‌ڵدا به دڵ ڕه‌ق و بێ سۆز و بێبه‌زه‌یی ناسراون. ڕشتنی فرمێسک ته‌نها بۆ حاڵه‌ته خه‌مهێنه‌ره‌کان نییه، به‌ڵکو جۆرێکی تر له‌فرمێسکمان هه‌یه که به‌فرمێسکی شادی ناسراوه، که‌مرۆڤ له‌حاڵه‌تی بینینه‌وه‌ی که‌سێکی دووره وڵاتی ده‌یڕێژێت، یان له‌کاتی بیستنی هه‌واڵێکی خۆشدا یان بردنه‌وه‌ی له‌پێشبڕکێیه‌کدا. هه‌ردوو جۆره‌که‌ی گریان له‌یه‌ک حاڵه‌تدا هاوبه‌شن که‌هه‌ردووکیان له‌حاڵه‌تی هه‌ڵچووندا ده‌ڕژێن.
ڕشتنی فرمێسک ده‌کرێت سروشتێکی فیزیایی یان کیمیایی هه‌بێت، یاخود پاڵنه‌ری ده‌روونی له‌پشت بێت. سه‌باره‌ت به‌سروشته فیزیایی یان کیمیاییه‌که‌ی: به‌هۆی چوونه ناوه‌وه‌ی ته‌نێکی نامۆ بۆ ناو چاو فرمێسک ده‌رژێت و چاو ئاو ده‌کات به‌مه‌به‌ستی ڕزگاربوون له‌و ته‌نه نامۆیه، یان بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی کاریگه‌ری ماده‌یه‌کی نامۆ له‌سه‌ر چاو هه‌روه‌ک له‌کاتی پاککردنی پیازدا ڕووده‌دات، پیاز ئه‌نزیمێکی تێدایه که‌له‌کاتی پاککردندا گازێک ده‌رده‌دات که‌وروژێنه‌ره بۆ گلێنه‌ی چاو. هه‌روه‌ها له‌کاتی سه‌رمادا، پله‌ی گه‌رمای نزم ڕووکار‌ی ده‌ره‌وه‌ی گلێنه‌ی چاو ده‌وروژێنێت، له‌م کاته‌دا فرمێسک ده‌ڕژێت به‌مه‌به‌ستی گه‌رمکردنه‌وه‌ی گلێنه‌ی چاو و پله‌ی گه‌رمییه‌که‌ی له‌پله‌ی گه‌رمی له‌ش نزیک ده‌کاته‌وه، یاخود له‌کاتی (تا) لێهاتن و به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمی له‌شدا چاو ئاو ده‌کات به‌مه‌به‌ستی ته‌ڕکردنی وشکی چاو. هه‌روه‌ها هه‌ندێ جار مرۆڤ له‌کاتی بوونی ئازاری زۆردا په‌نا بۆ گریان ده‌بات.
له‌نوێترین توێژینه‌وه‌دا که له‌تاقیگه‌کانی توێژینه‌وه ده‌روونییه‌کانی ویلایه‌تی (نیسوتا)ی ئه‌مه‌ریکا ئه‌نجامدراوه، ده‌رکه‌وتووه که ڕشتنی فرمێسک نیشانه‌ی لاوازی و نه‌گه‌یین نییه، به‌ڵکو باشترین ڕێگه‌یه بۆ باشکردنی باری ته‌ندروستی و ڕزگاربوون له‌و ماده کیمیاییانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌شڵه‌ژان و کرژبوونه‌وه هه‌یه له‌جه‌سته‌دا، هه‌روه‌ها گریان یاریده‌ی خاوکردنه‌وه‌ی ماسولکه‌کانمان ده‌دات و شێوازێکی سروشتیشه بۆ ده‌رپه‌ڕاندنی ماده زیانبه‌خشه‌کانی ناو له‌ش هه‌روه‌کو چۆن عاره‌ق ڕشتن ئه‌م کاره ده‌کات.
زانایانی پسپۆر له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا ده‌ڵێن: گریان لێدانی دڵ زیاد ده‌کات و بۆ برۆ و برژانگ و ماسولکه‌کانی شان و سنگ وه‌ک مه‌شقێکی به‌که‌ڵک وایه، له‌دوای ته‌واوبوونی گریانه‌که لێدانی دڵ ئاسایی ده‌بێته‌وه و ماسولکه‌کان خاو ده‌بنه‌وه و که‌سه‌که هه‌ست به‌ئارامی ده‌کات.
ئه‌وانه‌ی ناگرین و په‌نگ به‌فرمێسکه‌کانیان ده‌خۆنه‌وه هه‌ست به‌بوونی فشار و گرژی ده‌که‌ن و ئه‌گه‌ری تووشبوونیان به‌هه‌ندێ نه‌خۆشی وه‌ک سه‌رئێشه ده‌بێت.
یه‌کێک له‌پزیشکه ناسراوه‌کانی جیهان له‌ڕێی شیکردنه‌وه‌ی فرمێسکه‌وه بۆی ده‌رکه‌وتووه که فرمێسکی مرۆڤ ماده‌یه‌کی کیمیایی تێدایه که‌ئازار شکێنه و مێشک له‌پاش گریان ده‌ری ده‌دات.
که‌واته له‌کاتی پێویستدا گریان پێداویستییه‌کی ده‌روونی گرنگه، ئێمه له‌هه‌ر قۆناغێکی ته‌مه‌ندا بین، هه‌ر ڕه‌گه‌زێک بین، له‌هه‌ر پله و پایه‌یه‌کدا بین، که‌کاتی گریانمان هات، با شه‌رم نه‌که‌ین و بگرین، با حه‌وانه‌وه و خاوبوونه‌وه و ئارامی بگێڕینه‌وه بۆ ده‌روونمان له‌ڕێی گریانه‌وه. به‌ڵام به‌مه‌رجێک گریان نه‌که‌ینه میکانیزمێک بۆ خۆدزینه‌وه له‌واقیع و گرفته‌کانی ژیانی ڕۆژانه‌مان، یان وه‌ک نماییش بۆ سه‌رنج ڕاکێشانی ده‌وروبه‌ر په‌نای بۆ به‌رین.
له‌چه‌ند وتارێکی ترمدا ئاماژه‌م به‌وته‌یه‌کی ده‌روونناسی ئه‌مه‌ریکی به‌ناوبانگ (هنری مودزلی) کردووه، لێره‌شدا گونجاوه ئاماژه‌ی پێ بده‌مه‌وه، ئه‌م زانایه ده‌ڵێت: (ئه‌و فرمێسکانه‌ی که‌ڕێچکه‌ی هاتنه ده‌ره‌وه ناگرنه به‌ر له‌چاوانماندا، وا له‌ئه‌ندامه‌کانی جه‌سته‌مان ده‌کات بگری). مه‌به‌ست له‌گریانی ئه‌ندامانی جه‌سته‌مان ئه‌و نه‌خۆشییه سایکۆسۆماتیانه‌یه که‌تووشی جه‌سته‌مان دێت وه‌ک (زامی گه‌ده، هه‌ناسه ته‌نگی، هه‌ندێ نه‌خۆشی پێست، کۆڵۆن، سه‌رئێشه و …تد).
توقيــع العضو شميران كركوكي |
|